لەگەل تیرپرێس بەردەوام زانیاری نوێ بە راشکاوی دەزانی

دواترین

سۆشیال میدیا

shadow

هونەرمەندێکی نەرویجی پەیکەرێک بۆ مامۆستا کرێکار دروست دەکات

نوسینی خالدڕەنجدەر


ڕۆژنامەی "داگبلادا"ی نەرویجی دەنووسێت کە لە کۆتایی هەفتەی ڕوبوردوودا "ئولا یۆن ئۆنداڵ"ی تەمەن ٥٨ ساڵ پەیکەرێکی بۆ مامۆستا کرێکار دروستکردووە و لە خانەی هونەر لە ئۆسلۆ لە پیشەنگایەکدا خستوویەتییە بەرچاوی خەڵک و، لە ژێر ناوی "ئێستا چۆنیان خۆش دەوێم" دایە. ئولا پەیکەرەکەی لە پەنیری قاوەیی دروست کردووە، چونکە نەرویجییەکان ئەسمەریان خۆش دەوێت. دەشڵێ: مەلا کرێکار پیاوە خاوەن هەرە بەناوبانگەکەی نەرویجە. ئولا پێیوایە بەناوبانگیی کوالێتێکی بەرزی هەیە.

 
هەروەها دەڵێ:
ـ سڵاو
ـ ئەگەر سەیری کەسێکی بەناوبانگ بکەیت کە خاوەنی جەماوەرێکی زۆر بێت، وەک قەدی "بیۆک" وایە لەبەردەم ڕەشەبادا و هەر بە پێوە ماوە. (بیۆرک درختێکی پایزانەی بچووکە و باڵاکەی ٣٠ سەنتیمەترە. لە مەغریب و ئیسپانیا و نەرویج و تورکیا و قەوقاز هەیە. پێموایە ئەو ڕووەکە "کەمایە" کە لە کوردستانیش هەیە/وەرگێڕ).

 
هەروەها دەڵێ:
ـ من نیگەران نیم بەڵکو گرینگی دەدەم بە پرێنسیپ. من سەرسامم بە کەسێک کە پاڵپشتێکی زۆری نییە و شانی داوەتە بەر فشارێکی زۆری هۆیەکانی ڕاگەیاندن. مەلا کرێکار وەک دەڵێی پۆستی کاربەڕێخەری دەسەڵاتی هەیە. ئەوەش ئەو ڕەوشتەیە کە ئێمەی نەرویجی خۆشمان دەوێت.

 
ـ مەلا کرێکار کوردە و پێشتر گریلا بووە لە باکوری عێراق و وەک پەنابەرێکی سیاسی نەرویج وەری گرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە نەرویج دەیەوێت بە هۆکاری مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەری بکات، بەڵام تا ئێستاش هەر لە نەرویج ماوە.

 
ـ مەلا کرێکار دوو ساڵ و دە مانگ زیندان کرا لەبەر ئەوەی هەڕەشەی لە ئەرنا سۆلبێرگی سەرۆکی حیزبی ڕاستڕەو کردبوو. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥دا سزای ساڵ و نیوێک زیندانی درا بەسەردا.

 
ـ شتێکی سەیرە پیاوێک لەسەر هەڕەشەیەک زیندانی بکرێت کە ورووژێنراوە (استفزاز کراوە). ئەوەش کارێکە هەندێک کەس دەیکەن. هەندێکی تر ڕای پێچەوانەیان هەیە. ئەوە گرنگ نییە بەلای منەوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە من باوەڕم بە شتەکانە لە کاتی خۆیدا هەیە.

 
ـ نەرویجییەکان قەڵە و دەوڵەمەند و بوغزاویین

 
ئۆلا لە گەڵ ژنەکەی لە ئۆسلۆ دەژی و لە هونەری وێنەدا دەست ڕەنگین و بەناوبانگە. ڕۆژنامەی داگبلادا وەک دیارترین کەسایەتی پێشەنگای پایزی هەژمار کردووە.

 
سەبارەت بە مەلا کرێکار، ئۆلا دەڵێ: من زۆر باش لەسەر مەلا کرێکارم نەخوێندووەتەوە و چی وتووە و چی دەڵێ. من بەوە نیگەران نابم. من سەرقاڵم بە نەرویجییەکان و مەرجەکانی نەرویجەوە. مەرجەکانی نەرویجییش بە باش نازانم. نیشانەیەک کە نەرویجییەکان هەیانە ئەوەیە کە خەریکی پارە کۆکردنەوەن. ئەوە لەسەر ئاستی بیناکردنی نەتەوە باشە، بەڵام لەم سەردەمە نوێیەدا قەڵە و دەوڵەمەند و بوغزاوییان دەکات.

 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا: تۆ پێت وایە بەو جۆرە بێت؟ ئولا دەڵێ: بڕۆ لە هەر بەنزینخایەک دەتەوێ دانیشە، ئیتر لە شاری "ئۆتا" بێت یان لە شاری "ستاینشیر" بێت، دەبینی ئەو خەڵکە چۆن لە ئوتومۆبێلەکانیان دێنە خوارەوە و تا دەتوانن نەقانقی دە کرۆنی دەخۆن. لەبەرخاتری یەکتریش ئوتومۆبێلەکانیان پارک ناکەن و، لە لێخوڕیندا هەماهەنگ نین. بۆیە بوغزاوی و خۆویستن.

 
ئولا دەڵێ: لەبەر ئەوەیە کە دەمەوێ پەیکەرێکی دوو مەتر و نیوی بەرز دروست بکەم بۆ مەلا کرێکار. ئولا پێشیوایە کە پەیەکەرەکە ڕەخنەیەکە لە نەرویج بە دەسەڵات و خەڵکەوە.

 
هەروەها دەلێ: گێرهاردسن و خوا مردن (دیارە مەبەستی خواکەی خۆیانە)، دەبێ بگەڕێین کەتیرەیەکی نەرویجی نوێ بدۆزینەوە و بزانین چ شتێک جارێکی تر پێکمانەوە دەبەستێتەوە.

 
لە وەڵامی ئایا مەبەستت چییە لەوەی کەتیرە بدۆزینەوە بۆ ئەوەی پێکمانەوە ببەستێتەوە؟ دەڵێ: باشە ئێمە چی هاوبەشمان هەیە؟ ئێمە پێکەوە لەناو پاسێکدا نین؟. ئایا ئێمە چۆن گەمەیەکی هاوبەش بدۆزینەوە؟ مەسەلەکە تایبەت نییە بە کڕینی تابلۆ یان چیمەن بۆ کوخەکانمان، یان ئەدەواتی ئوتومۆبێل لەسەر ڕەفەکانی دوکانی بیلتێما، یان کڕینی شەرابی ئیتالی لە دوکانی ڤین مۆپۆل. ئەمە پرسیاری منە؟

 
ڕۆژنامەکە دەڵێ: پەیکەرەکەی مەلا کرێکار کە ئۆلا پێوەی خەریکە خۆی لە خۆیدا ڕۆمانێکە. ئولا دەڵێ: پەیکەرێکی لەوە گەورەتر بۆ مەلا کرێکار دروست دەکەم بۆ ئەوەی ببێتە پەیکەرێکی نیشتمانی لە شیرکساتۆرا، ئەو کەمپەی ویستیان مەلا کرێکاری بۆ بنێرن. دەبێ دوو مەتر و نیو بێت.

 
داگبلادا نەیتوانی لە ڕێی برینیار مێلینگی پارێزەرەکەیەوە ڕای مەلا کرێکار وەرگرێت

470 جار بینراوە‌
12/09/2018