لەگەل تیرپرێس بەردەوام زانیاری نوێ بە راشکاوی دەزانی

دواترین

بیروڕای ئازاد

shadow

بۆچی ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان پێشناکەون؟

خالد ڕەنجدەر

ئێمەی کورد کۆمەڵگەیەکی موسوڵمان هەیە، کەچی حیزب و گروپە ئیسلامییەکان پێشکەوتن بە خۆیانەوە نابینن و لە جێی خۆیان چەقیان بەستووە، لە کاتێکدا حیزبە عەلمانییەکان لە گەڵ ئەوەشدا کە کیشە و قەیرانیان هەیە باشتر دەچنە پێشەوە. گومانی تێدا نییە کە کەموکوڕییەکە لەو بیرباوەڕدا نییە کە هەڵیانگرتووە، بەڵکو لە ممارەسە و شێوازی کارکردن و پەیوەندییەکانیاندایە لە گەڵ یەکتر.

ئیسلامییەکان تا بڵێی ناوماڵێکی شڕیان هەیە و، ڕەشەبای ناتەبایی و ناکۆکی و ئیرەیی بە یەکتر بردن دەیانشەکێنێتەوە. هەموو هەوڵێکیان بۆ بەدەستهێنانی کورسیەکی زیاتری پەرلەمانە و، لەو پێناوەدا قوربانی بە برایەتی ئیسلامی دەدەن و، ئەو هەموو ساڵەی پێکەوە لەسەر یەک گۆڕەپان بزاڤیان کردووە برایەتی پێ دروست نەکردوون و، بێباکن لە نیگەرانیی موسوڵمان.

جێگای داخە کە سەرکردایەتی هەندێک حیزبی ئیسلامی چاوی لە ئاست هەڵسوکەوتی ئەندام و لایەنگرەکانی داخستووە و، نەبەتەعلیمات و نەبەلێدوان ئەو هەستەیان نادەنێ کە لێپرسینەوە هەیە و، دەبێ سنوری برایەتی بپارێزن. بۆ ئەوەی لایەنگرەکانیان لەدەست نەدەن وازیان لێهێناون هەرچی دەکەن و دەێڵین ئازادن.

من پێم سەیرە بەو زمانەی لا الە الا اللـەی پێدەکەن، جنێو دەدەن و قسەی ناشیرین بەرانبەر یەکتر بەکاردهێنن. وشەی (وەڕین) و (بەنەعلەت بن) (ڕسوا بن) و دەیان دەستەواژەی ناشیرینی تر کە دوورن لە ئەدەبی ئیسلامییەوە بەکاردەهێنن، وەک ئەوەی پەروەردە نەکرابن و بەو دینە ئاڕاستە نەکرابن.

ئەوەی کە زیاتر لە یەکتر دووری خستوونەتەوە نەبوونی ڕەحم و بەزەیی و هەستکردن بە یەک جەستەییە. لەبری ئەوەی بەردێک بخەنە سەر بەردێک و دیواری ڕووخاوی برایەتی پێ هەڵبچننەوە، دیوارەکە دەڕووخێنن. حەز بە کەوتنی یەکتر دەکەن و، یەکتر زەربی سفر دەکەن. بێ ئاگان لەوەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم دەفەرمووێ: (مثل المؤمنين في توادهم وتراحمهم وتعاطفهم مثل الجسد، إذا اشتكى منه عضو تداعى له سائر الجسد بالسهر والحمى)، ئیمانداران لە خۆشەویستی و هەماهەنگی و لەیەکتر نزیکبوونەوە و سۆز لە گەڵ یەکتر وەک جەستە وان، ئەگەر ئەندامێکی ئەو جەستەیە ئازاری پێبگات ئەندامەکانی تری ئازار دەکیشن و شەونخونی دەکەن و تایان لێ دێت.