لەگەل تیرپرێس بەردەوام زانیاری نوێ بە راشکاوی دەزانی

دواترین

سۆشیال میدیا

shadow

كاتێك مرۆڤەكان یەكتر دەكەنە قوربانی پەرستنەكان

خالد رەنجدەر

 لە نزیك شاری "تەرخیلۆ" لە وڵاتی پیرۆ گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزرایەوە كە زیاتر لە تەرمی ١٤٠ منداڵی تێدا بووە. ئەو منداڵانە كراونەتە قوربانی بۆ وەستاندنی باران بارین و لافاو. پێش ٥٥٠ ساڵ ئەو كارەساتە ڕوویداوە. زانایانی ئاسەوار دەڵێن تەمەنی ئەو منداڵانە لە نێوان ٨ بۆ ١٤ ساڵ بووە. منداڵەكان بە زیندووی لێیان دراوە و شكانی ئێسقانەكانیان دیارە و، هەندێكیش پێیانوایە كە دڵیشیان دەرهێنرابیت. لە گەڵ ئەو منداڵانەدا مەلی "لاما"ش بە هەمان دەرد براون و، وا پێدەچێت ئەو كارە جۆرێك بووبێت لە پەرستن و هێوڕ كردنەوەی سروشت، چونكە خەڵكی ئەو ناوچەیە كاتی خۆی مانگیان پەرستووە.

ئەو قەومەی لەو سەردەمەدا لەو ناوچەیە ژیاون ناویان (چیمۆ) بووە و ژمارەیان نزیكەی ٣٠٠ هەزار كەس بوون و، خانووەكانیان لە خشتی قوڕ دروست كردووە. لە ساڵی ١٤٧٠ زایینی پاشای (ئینكا) داگیری كردوون و، لە سەدەی پانزەدا لێیان سەندراوەتەوە و، ئێستا بە ناوچەی ئاسەوار لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ناسێنراوە.

كردنی مرۆڤ بە قوربانی بۆ ئەو خوا دەستكرد و دیاردە سروشتیانە لە كۆندا باوە بووە و، كاتێك مرۆڤەكان ویستویانە لەو خوایانە نزیك ببتەوە یان بۆ ئەوەی تورەییان هێوڕ بكەنەوە ئەو جۆرە قوربانییانەیان كردووە. لە شاری مەككە قوڕەیشییەكان كە لات و عوززایان دەپەرست، قوربانیان بۆ دەكردن بۆ ئەوەی بیانگەیەنن بە خوا.

 بەداخەوە ئێستا دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرەكان خەڵك دەكەنە قوربانی ئەو بەرژەوەندییانەی وەك بت دەیان پەرستن و، جەنگ لە دوای جەنگ بەرپا دەكەن و مرۆڤەكانی تێدا دەفەوتێنن. ئەی ئەمەش قوربانی دان نییە بە مرۆڤ؟


84 جار بینراوە‌
01/05/2018