لەگەل تیرپرێس بەردەوام زانیاری نوێ بە راشکاوی دەزانی

دواترین

وتاری گشتی

مافی کوردە شانازی بە ڕیفراندۆمەوە بکات
خالد ڕنجدەر

ئێمەی کورد شۆڕشی زۆرمان کرد و بە هەندێک هۆکاری ناوخۆ و دەرەکی شۆڕشەکانمان کەوت. شەهید و بریندارمان دا، خەڵکمان لێگیرا و لەسێدارە دران، دەستدرێژییمان کرایە سەر. ئاوارە بووین و، شەومان لە خێمەی پەنابەرێتی دا ڕۆژ کردووە. شکستمان هێنا و هەڵساینەوە. ئازار و ئەشکەنجە دراین و دەربەدەر بووین. بە هەموو ئەمانەوە شانازییمان کرد. ئەی بۆچی شانازی بە ڕیفراندۆم و هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتەوە نەکەین؟ با زیانی ئەویش وەک زیانی شۆڕشەکان هەژمار بکەین. ٩٢٪ خەڵکی هەرێم و زۆربەی سەرکردە و ئەندام و لایەنگری حیزبەکان دەنگیان بە "بەڵێ" دا، ئیتر بۆچی نکوڵی لێبکەین و بڵێین ڕیفراندۆمێکی سەقەتمان کرد و دڵی دوژمن و ناحەزەکانمان خۆش بکەین؟ بۆچی دەبێ بڵیین کاتەکەی گونجاو نەبوو و، قسەی ناحەزان بجووینەوە؟ ئەی بە تەمای چی بین و چاوەڕیی کەی و کێ بکەین زەمینەی ڕیفراندۆممان بۆ ساز بکات؟

با شکستهێنان لە ڕیفراندۆمدا وەک شکستهێنانی شۆڕشەکان سەیر بکەین، لەواندا زیانمان پێکەوت و قبوڵمان کرد. با لەمەشدا قبوڵی بکەین و بازاڕی خۆپەسەندی پێ گەرم نەکەین. لە هیندستان چەندین شۆڕش کرا بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئینگلیز و سەریان نەگرت. لە ئەمریکای لاتین چەندین شۆڕش کرا و شکستیان هێنا. ماندێلا کەوتە زیندانەوە و پاسەوانەکان سوکایەتیان پێ دەکرد و گاڵتەیان بە عەقڵی دەهات، بەڵام خەڵکی ئەفریقای باشور و مانیدێلا خۆشی شانازیان پێوە کرد. لە ڕۆژئاوا دوو جەنگی گەورە بەرپا بوو و زیانێکی زۆریان دا، کەسیش ناڵێ جەنگێکی سەقەتمان کرد! هەموویان شانازی بەو هەموو خوێن و ماڵوێرانییەوە دەکەن. تۆ تا هەوڵ نەدەیت ناگەیت بە ئامانجەکانت.
ئەو کاندیدە کوردانەی ئەمجارەش خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردووەتەوە، شانازی دەکەن بەوەی لە بەغداد شەڕیان کردووە بۆ مافەکانی کورد، لە کاتێکدا دەیووە دۆستایەتی لە گەڵ لایەنە عەرەبەکان دروست بکەن. لەوەشدا زیان بەر سیاسەتی کورد کەتووە، بەڵام ئەوانە شانازی بەو مێژووەیانەوە دەکەن و، دەشیانەوی خەڵک لەسەر ئەو مێژووە دەنگیان پێ بدەنەوە.
جاری وا هەیە لە ژیاندا یەکجار هەلت بۆ ڕێکدەکەوێت، کە لەدەستت دا ناگەڕێتەوە. بارزانی هەوڵی خۆی دا و بوێرانە لە ڕووی ناحەزان وەستایەوە، جگە لەوانەی بازاڕی سیاسییان بۆخۆیان خۆش دەکرد کەس لاریی لە ڕیفراندۆم نەبوو. هەرکەسێکی تریش بڕیاری ڕیفراندۆمی بدایە ئێستا دنیای پڕ دەکرد. ئەوانەی ڕیفراندۆمیان کرد و ئەوانەی ڕیفراندۆمیان ڕەت کردووە دەچنە مێژووە و، میللەتیش شانازی بەوانەوە دەکات کە هەوڵی خۆیان داوە. ئەوانەش کە خۆیان لە گەڵ بەرژەوەندی و ئامانجی ناحەزان تەریب دا جێگای شانازی نین و لەبیر دەچنەوە.

247 جار بینراوە‌
5/8/2018 5:03:40 AM